بيان صحافي

خێزانی که‌سه‌ ونبووه‌كانی عێراق: ئه‌و زامانه‌ی كه‌ ساڕێژ نابن

ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی كه‌سانی بێسه‌روشوێنه‌: ئه‌م رۆژه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی كه‌سانی ونبوو له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی خێزانه‌كانیان بخرێته‌ بەردەم كه‌سانی خاوه‌ن بڕیار.

له‌ عێراقدا، ده‌یان ساڵ له‌ ناكۆكی‌  و توندوتیژی یه‌ك له‌دوا یه‌ك بووە هۆی کەوتنەوەی به‌رزترین ژماره‌ی كه‌سانی ونبوو له‌ جیهاندا. سه‌دان هه‌زار كه‌س بێ سەروشوێنن، و نزیکەی‌ هەمان ژمارە لە ئه‌ندامانی خێزان هێشتا له‌دوویان ده‌گه‌ڕێن و له‌ تەمومژیدا دەژین به‌هۆی  دڵنیانە‌بوونیان لە چاره‌نووسیان.

هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ونبوون چیرۆكێكی جودا له‌ پشت ونبوونیانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ جیاوازی بارو دۆخه‌كانیشدا، ده‌ره‌نجامه‌كان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌پاشیان به‌جێ ده‌مێننن لەیەک دەچن، لەکاتێکدا کە زامی قووڵ و درێژخایه‌ن‌ دەخەنەوە.  خێزانەکان‌ کە زۆربەی جار بەبێ وه‌ڵامی تەواو بۆ ماوه‌ی چه‌ندەها ساڵ ده‌مێننه‌وه‌، روبه‌ڕوی ئاستەنگی  کارگێڕی و یاسایی ده‌بنه‌وه‌، دووچاری كێشه‌ی دارایی ده‌بن‌ و پێویستیان بەوە دەبێت هه‌موو رۆژێك خۆیان له‌گه‌ڵ زەبر و ئازاری ئه‌و له‌ده‌ست دانه‌ ته‌مومژاویانە‌دا بگونجێنن.

ئێمه‌ له‌ كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور چه‌ندین جار و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ  كاریگه‌ری جەرگبڕی له‌ده‌ستدانی یه‌كێك له‌ باوانه‌كان یان منداڵێكمان بینیوه‌،  چۆن ئه‌و دایكه‌ جەرگ سوتاو و بێهیوایانە له‌هه‌وڵی نان پەیداکردنن بۆ منداڵه‌كانیان،  هه‌روه‌ها چۆن ئه‌و خێزانانه‌ هه‌رگیز له‌هه‌وڵ و گه‌ڕانیان ناوەستن له‌پێناوی چنگ كه‌وتنی زانیاریدا.

"ئێمه‌ هه‌موو كاتێك دەڵێین ده‌رگاكه‌ به‌كراوه‌یی جێبهێڵه‌،  ده‌شێت رۆژێك  بگه‌ڕێنه‌وه‌. ئێمه‌ هه‌ر له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌یانداین". ئه‌مه‌ گووته‌ی ئەندام خێزانێكه‌ كه‌ باوكی، باپیری، نەنکی و سێ مامی بێسه‌روشوێنبووە.

" هه‌موو شه‌وێك پێخه‌فی كوڕه‌كه‌م رێكده‌خه‌م و چاوه‌ڕێی ده‌كه‌م به‌ڵكو بگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه‌" ئه‌مه‌ گووته‌ی دایكێکە کە منداڵەکەی  ونبووە.

لە چوارچێوەی هەوڵە‌ درێژخایەنەکانی بۆ بەدەمەوەچوونی كێشه‌ی ونبوون، كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور له‌ عێراقدا بەردەوامە  لە هاوكاریكردنی ئه‌و خێزانانه‌ لە گەڕانیان بۆ وەڵامی روون و ئاشکرا. هەربۆ ئەم مەبەستەش، ئێمه‌ به‌هەمان شێوە پشتگیریمان له‌ هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاته‌كان كردوه‌ بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس و جێوشوێنی ئه‌و كه‌سانه‌ی بێسەروشوێنن، كه‌ ئه‌مه‌ش دابین کردنی رێنمایی ته‌كنیكی بۆ ده‌زگاكانی پزیشكی دادوەری دەگرێته‌خۆ‌.

لە هەمان کاتدا، لە رێی خزمەتگوزاری  'پەیوەندییە خێزانیەکان' ، هاوکاری  دەکەین بۆ هێشتنه‌وه‌ و به‌رده‌وام بوونی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانیه‌كان له‌نێوان گیراوان و كه‌سوکاریاندا. هه‌روه‌ها كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور سه‌رۆكایه‌تی میکانیزم و رێكاره‌ مرۆییه‌كان دەکات له‌نێوان عێراق و ئێران، و عێراق و كوێت، کە ئامانجیان دابینكردنی وه‌ڵامە له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌میانی هه‌ردوو ئەو ناكۆكیە چه‌كداریە نێونه‌ته‌و‌ییانەدا ونبوون .

له‌ 23ی ئابدا، ئێمه‌ كه‌مپینێكی هۆشیاری نیشتمانیمان ده‌ستپێكرد له‌سه‌ر 'ونبوون'، كه‌ ده‌ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت. ئه‌مە دووه‌م كه‌مپینی هاوشێوه‌یه‌ كه‌ ئامانج لێی رێزلینانە له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لەماوه‌ی 40 ساڵی رابردوودا بێسه‌رو شوێنبوون، تیشكخستنه‌ سه‌ر نه‌هامه‌تی خێزانه‌كانیان، هه‌روه‌ها سەرنج راکێشان‌ بۆ‌ پێویستی بەرداوام بوونی هه‌وڵه‌كان بۆ بنیادنانی میكانیزمێكی پته‌و بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م كێشە درێژخایەنە.

بۆ زانیاری زێدەتر، تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ به:‌

سەحەر توفیق، كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، نێرده‌ی به‌غداد،  009647901916927ئیمه‌یل : sessa@icrc.org

مسعده‌ سیف، كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، نێرده‌ی به‌غداد، 009647809284021، ئیمه‌یل: msaif@icrc.org  

ئه‌ڤین یاسین، كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، نێرده‌ی لقی هه‌ولێر، 009647719945066 ، ئیمه‌یل:avyassin@icrc.org

بۆ زانیاری وەرگرتن لەسەر كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور له‌ عێراقدا:

www.facebook.com/ICRCIQ

www.twitter.com/ICRC_IQ

www.instagram.com/ICRC_IRAQ